حەماس: بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دانووستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەکەین

فەرماندەیەکی سەربازیی حەماس، بە فەرمی بەڕێوەچوونی دانووستانەکان لە دەوحە بە مەبەستی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دانووستانەکە دەکەن.

سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، عەبدولڕەحمان شەدید، فەرماندەی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، گوتی: ئەمڕۆ گەڕێکی نوێی دانووستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە دەستی پێکرد.

ئەو فەرمادە سەربازییەی حەماس، هیوای خواست هەوڵەکانی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە.

عەبدولڕەحمان شەدید، جەختی لەوە کردەوە، بزووتنەوەی حەماس بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەرپرسیارانە، مامەڵە لەگەڵ دانووستانەکانی تایبەت بە قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەکات.

هەروەها ئیسرائیلیش شاندێکی وڵاتەکەی بۆ دەوحە ناردووە بۆ مەبەستی بەشداریی لە دانووستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە غەززە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

بە پێی زانیارییەکان بۆچوونی جیاواز لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە هەیە، حەماس داوای دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەکات و ئیسرائیلیش داوای درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەم دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ڕەتی کردووەتەوە وادەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، ئەوا ڕێگە نادەن هیچ بارهەڵگرێکی هاوکارییە مرۆییەکان بچێتە غەززە.

چوارشەممە 5ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە بۆ کەرتی غەززە دەنێردرێن، حەماس دەستی بەسەردا دەگرێت و بۆ دروستکردنی پێویستی جەنگ بەکاری دەهێنێت.