بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک ڕوونکردنەوە دەدات

بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر ڕایگەیاند: لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان گرتە ڤیدیۆیەک بڵاو بووەتەوە کە تێیدا بە شێوەیەکی نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دەکرێت، ئەم گرتە ڤیدیۆیە پەیوەندیت بە ستافی شێڵتەری هەولێرەوە نییە.
سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێێدا هاتووە: ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان گرتە ڤیدیۆیەک بڵاو بووەتەوە کە تێیدا بە شێوەیەکی نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دەکرێت، کۆکردنەوەی ئاژەڵ بەشێوەیەکی زۆر ناتەندروست ئەنجام دەدرێت و لەسەر ڤیدیۆکە ئاماژەی بە ناوی شێڵتەری هەولێر کراوە.
بەڕێوەبەراتییەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرای دەکات، ئەم ڤیدیۆیە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ستافی شێڵتەری شاری هەولێرەوە نییە، کۆکردنەوەی ئەم ئاژەڵانە بەم شێوە نامرۆڤانە پەیوەندیی بە سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر و بەرێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزی و شێڵتەری شاری هەولێر نییە.
بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەپارێزی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، "ڕۆژانە لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە کە تابلۆی شینی شارەوانییان لەسەرە، بە شێوەیەکی زۆر مرۆڤانە هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی ئاژەڵە بێلانەکان و دەیانگوازنەوە بۆ شێڵتەری هەولێر".
ڕۆژی دووشەممە، 3ـی ئاداری 2025، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتبوو: "لە ماوەی ساڵێک و سێ مانگ 14هەزار سەگی بێلانەمان کۆکردووەتەوە".