شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا لە ئێران منداڵان دەكاتە ئامانج
زیاتر لە 600 منداڵ بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە

K24 – هەولێر
شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا لە ئێران منداڵان دەكاتە ئامانج و تائێستا زیاتر لە 600 منداڵ بەو ھۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
محەمەد رەزا مەحبوبفەر، ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی ئاشكرا كردووە، كۆرۆنا بە خێرایی لەناو كۆمەڵانی خەڵكدا بەبێ جیاوازی بڵاودەبێتەوە بەجۆرێك، رێژەیەكی بەرچاو لە تووشبووان منداڵانن.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاشكرای كرد، داتاكان دەریدەخەن: 15٪ـی تووشبووان و 3٪ـی لەسەدی گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا لە ئێران منداڵی تەمەن سێ بۆ 9 ساڵ و 1٪ منداڵانی 9 بۆ 16 ساڵن.
رۆژی شەممەی رابردوو، سەرۆكی زانكۆی پزیشكی ئەلبۆرز، ئاشكرای كردبوو لە شەپۆلی دووەمی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران، رێژەیەكی زۆریان منداڵانن کە هەم تووشی ڤایرۆسەکە بوون، هەم بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەو بەرپرسە دەڵێ تائێستا 400 منداڵ و نزیکەی 200 کۆرپە لە ئێران لەكۆی ئاماری گشتی قوربانیان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
هـ.ر.