حوسییەکانی یەمەن ئەنجامی هێرشەکەیان بۆ سەر سعوودییە ئاشکرا دەکەن

زیانەکانی سعوودییە ئاشکرا دەکەن

K24- هەولێر:

وتەبێژی سەربازی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند، یەکەیەکی گەورەی نەوتییان لە باشووری شاری جیزان کردووەتە ئامانج.

یەحیا ساریا، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی دەڵێت، لە رێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێزەکانمان فڕۆکەی سەربازیی، سیستمی پاتریۆت لە ناوچەی خەمیس موشیت و چەند ناوچەیەکی سەربازی لە جیزان و نەجران کردووەتە ئامانج.

دەشڵێت، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، یەکەیەکی نەوتیمان لەناوچەی پیشەسازی جیزان کردووەتە ئامانج.

تاوەکو ئێستا سعوودییە هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە، بەڵکو هاوپەیمانێتی یەمەن بەسەرۆکایەتی سعوودییە ئاشکرایکردووە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە پایتەختەی یەمەنەوە ئاراستەکراون، چوار مووشەک و شەش فڕۆکە تێکشێنراون.

سعوودییە هاوپەیمانێتییەکی دژی حووسییەکان لە ساڵی 2015 دروستکرد، ئەمەش دوای  ئەوەی لە ساڵی 2014، حوسییەکان دەستیان بە جەنگ دژی حکومەتی یەمەن کرد کە لە لایەن ریازەوە پشتگیریی دەکرا. چەند جارێک لە لایەن حوسییەکان، هێرشکراوەتە سەر ناوچەکانی سعوودییە کە نزیکن لە سنووری یەمەن، سعوودییەش لەرێی فڕۆکە جەنگییەکانی بۆردومانی حووسییەکان لە یەمەن دەکات.

Reuters