وردەکاری نوێ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق ئاشکرا دەکرێت

کۆمپانیای ڕاوێژکاری بەریتانی کە تایبەتمەندە لە بواری وزە ڕایگەیاند، نوێ نەکردنەوەی لێخۆشبوونەکانی سزای ئەمەریکا بۆ عێراق، تەنیا هاوردەکردنی کارەبا لە ئێران دەگرێتەوە، بەڵام  هاوردەکردنی غاز ناگرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیاکە، عێراق لە ساڵی 2024دا لە 22%ـی کۆی هاوردەکردنی غاز و کارەبا، پشتی بە ئێران بەستووە، لەکاتێکدا هاوردەکردنی کارەبای ئێران تەنها نزیکەی ٤%ـی بەکارهێنانی وزەی عێراقی پێکهێناوە.
ئیمان ناسری، بەڕێوەبەری کارگێڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆمپانیای FGE ڕوونیکردەوە، "لێخۆشبوونەکان تەنیا هاوردەکردنی کارەبا دەگرێتەوە، بەڵام ئەوکاتە هاوردەکردنی غاز کاریگەری لەسەر دروست دەبێت، ئەگەر هاتوو ئەمەریکا شێوازەکانی پارەدانی عێراق بە پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران بزانێت".

لەو چوارچێوەیەدا، ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "ئەگەر هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە ڕابگیرێت، عێراق ڕووبەڕووی کەمی کارەبا دەبێتەوە و زیاتر لە 30% کارەبای لەدەستدەدات."

شارەزایانی بواری وزە ئاماژەیان بەوە کردووە، "لێخۆشبوونەکان لە 7ـی ئادار کۆتاییهات، کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر توانای عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ناڕەزایەتی جەماوەری، وەک ئەوەی لە ساڵانی پێشوودا ڕوویدا، بەتایبەتی لە بەسرە".