سوپای ئیسرائیل باشووری سووریا بەسەر سێ ناوچەی سەرەکیدا دابەش دەکات

موهەند مستەفا، شارەزای کارووباری ئیسرائیلی، قسەکانی تەلئەڤیبڤ سەبارەت بە دابەشکردنی باشووری سوریا بۆ سێ ناوچەی ئەمنیی سەرەکی بە ڕاگەیاندنی فەرمی داگیرکاری وەسفکرد و ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەو وڵاتە دروستکردنی دووڕیانێکی سیاسییە بۆ حکوومەتی نوێی دیمەشق.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ،چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، کەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل باشووری سووریای بەسەر سێ ناوچەی سەرەکیدا دابەش کردووە، بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێی سووریا، نەتوانێت کۆنترۆڵی ناوچەکان بکات.
کەناڵەکە لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو دابەشکردنە وەکو وانەیەک وایە بۆ ئیسرائیل کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023وە فێربووە و سوپا لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزدا دژی سووریا چالاکی دەکات، کە دەستی کردووە بە دروستکردنی سوپای نوێ. ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەموو ماڵێکی سووریا چەکی تێدایە و سوپای ئیسرائیلیش پێشبینی دەکات ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی لەناکاویان بۆ بکرێت".
لای خۆیەوە موهەندمستەفا دەڵێت: ئەم بانگەشانە ئەمنییانە دوورن لە ڕاستییەوە، ئامانجی سەرەکی ئەم بڕیارە کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 65 کیلۆمەتر خاکە لە قووڵایی سووریا و مانەوە لە دەستگەیشتنێکی ئاسان بۆ دیمەشق.
هەروەها ئاماژەی بە لێدوانەکەی ئیسرائیل کاتز ،وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کرد سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی لە سووریا بۆ ماوەیەکی نادیار، لە لێدوانەکەی ئەحمەد شەڕع، سەرۆک سووریا گوتی: هەموو بەیانیەک کاتێک لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق لە خەو هەڵدەستێت، هێزەکانی ئیسرائیل لە بەردەمیدا دەبینێت.