هێمن سەید موراد: لە کاتی پێگەیشتنی بەربوومی ناوخۆ هاوردەکردنی هەندێ بەروبووم قەدەغە دەکەین

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، کۆمەڵێک بەربوومی کشتوکاڵی هاوردەکردنیان قەدەغەیە تاکوو جووتیارانمان سوود لە بەرهەمەکانیان ببینن.
چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بەربوومە کشتوکاڵیانەی ئێستە هاوردەکردنیان قەدەغەیە بۆ کوردستان بریتین لە؛ تەماتە، پەتاتە، کەلەرم، قەرنابیت و کاهوو.
هێمن سەید موراد دەشڵێت: ئەو بەربوومانەی بە درێژای ساڵ قەدەغەن بریتین لە؛ توور، سڵق، تەڕە پیاز و پەتاتەی خواردن.
هێمن سەید موراد ئەوەشی خستە ڕوو، لەسەرەتای پێگەیشتنی بەروبوومی ناوخۆ، ئێمە ڕێگری دەکەین لە هاوردە کردن بۆ ئەوەی جووتیارەکان زیاتر سوود لە بەرهەمەکانیان ببینن بیان پارێزین لە زیانکردن، لە ساڵانی ڕابردوو بەرهەمی جووتیاران پێدەگەیشت دەمایەوە و فڕێ دەدرا ببووە گرفت بۆیان.
ڕاشیگەیاند، "ئێستە لە سێ بۆ چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گرفتانە نەماوە، ئەگەر برا جووتیارەکان تەواو قازانجیش لە بەرهەمەکانیان نەکەن، نابێتە مایەی زیان و لەسەر شانیان بمێنێتەوە. واتە بەرهەمەکانیان بە بازاڕ دەکرێت و پڕۆسەی بە بازاڕی جووتیاران هەر هەیە، ئەگەر ئەوەش نەبێت، بەهۆی بوونی چەند کارگەیەکی پیشەسازی و بەکارخستنەوەی کارگەی ئاوی تەماتەی هەریر و چەندین کارگەی وەبەرهێنانی پیشەسازی کشتوکاڵی کە بوونەتە هۆکاری پێشکەووتنی کشتووکاڵ و وەرگرتنی بەربوومی برا جووتیارەکان لەوانە ساغ دەکرێنەوە".