پێنتاگۆن: هێزەکانمان لە سووریا ناکشێنەوە

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، هیچ ئاماژەیەکی نوێ بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە سووریا نییە.
چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن" بڵاوی کردەوە، "فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، هاوکار بووە لە ڕازیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە."
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن دەڵێت: هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"، ئەگەر ڕووبەڕووی فشارەکانی تورکیا و دەسەڵاتی نوێی سووریا ببنەوە، ئەستەمە بتوانن بەرگریی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بکەن.
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد، ئێستا هیچ ئاماژەیەکی نوێ بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە سووریا نییە، بەڵام ئێمە پلانی کشانەوەمان داڕشتووە و ئامادەین بۆ ئەو پرۆسەیە هەر کاتێک فەرمانمان پێ بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی حکوومەتی نوێی سووریا، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە کار بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و تورکیا دەکات.