ئاژانسێك: مه‌زڵووم عه‌بدی به‌ فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكی چووه‌ته‌ دیمه‌شق

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ریكا هانی كوردی سووریای داوه‌ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ڕێك بكه‌ون؛ هاوكات باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌ بۆ واژۆكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی چووه‌ته‌ دیمه‌شق.

چوارشه‌ممه‌، 12ـی ئاداری 2025، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ ئاژانسی "ڕۆیته‌رز"ـیان گوت، ئه‌مه‌ریكا هانی كوردی سووریای دا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا له‌باره‌ی ئایینده‌ی ئه‌و وڵاته‌ ڕێك بكه‌ون.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هاندانه‌دا، مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌دە) به‌ فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكی چووه‌ته‌ دیمه‌شق بۆ واژۆكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا.

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵگریی وڵاتێكی گه‌وره‌ی هه‌رێمی به‌ ئاژانسه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌مه‌ریكا ڕۆڵێكی گرنگی له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا گێڕاوه‌.

دووشه‌ممه‌، 10ـی ئاداری 2025، سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری سووریا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا و مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ڕێككه‌وتن.

سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری سووریا ڕایگه‌یاندووه‌، شه‌رع و عه‌بدی ڕێككه‌وتوون هه‌سه‌ده‌ بخرێته‌ ناو سیسته‌می هێزی به‌رگریی نیشتمانی سووریا. هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتوون سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌وانه‌ش ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، فڕۆكه‌خانه‌ و كێڵگه‌كانی نه‌وت و غاز به‌ دیمه‌شقه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری سووریا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، شه‌رع و عه‌بدی له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌یاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دابه‌شكردنی سووریا كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها به‌ پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت مافی هه‌موو سوورییه‌كان پارێزراو بێت له‌ نوێنه‌رایه‌تی و به‌شداریی پرۆسه‌ی سیاسی و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای لێوه‌شاوه‌یی و كارامه‌یی و دوور له‌ هه‌ر پاشخانێكی ئایینی و نه‌ژادی.

له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی سووریا و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش مافی هاووڵاتیبوون و سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.

له‌ خاڵێكی دیكه‌دا بڕیار درا به‌ ڕاگرتنی شه‌ڕ له‌ سه‌رجه‌م خاكی سووریادا. هاوكات گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ سووریا بۆ وڵاته‌كه‌یان و پاراستنیان له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌سته‌به‌ره‌ بكرێت.

له‌ خاڵی شه‌شه‌م و كۆتاییشدا هه‌ردوولا ڕێككه‌وتن پشتیوانی له‌ ده‌وڵه‌تی سووریای بكرێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی دیكه‌ی سه‌ر ئاسایش و یه‌كپارچیی سووریا.