مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە یانەی دهۆک دەکات

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی دهۆك به‌سه‌ر یانه‌ی ئیتافیقی سعوودی پیرۆزباییه‌ك ئاراسته‌ی یانه‌كه‌ ده‌كات و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتر بۆ سه‌رۆك، وه‌رزشوانان و هانده‌رانی یانه‌كه‌ ده‌خوازێت.

چوارشه‌ممه‌، 12ـی ئاداری 2025، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) پیرۆزبایی له‌ یانه‌ی دهۆك و وه‌رزشوانان و هه‌وادارانی یانه‌كه‌ كرد به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی یانه‌كه‌ به‌سه‌ر یانه‌ی ئیتافیقی سعوودی له‌ چوارچێوه‌ی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداوی عەرەبی.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رۆك و ته‌واوی وه‌رزشوانان و هانده‌رانی یانه‌ی دهۆك، هاوكات هیوای سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی زیاتری بۆ خواستوون.

چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێشكۆتایی جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی، یانەی دهۆك لە بەردەم زیاتر لە 22 هەزار هاندەری میوانداریی یانەی ئیتیفاقی سعوودی كرد.

پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ لێ بدات، هەڵۆیەكانی بادینان لە خولەكی 90 بەربەستی یەكسانبوونیان شكاند و گۆڵی سەركەوتنیان تۆمار كرد، بەمەش دهۆك لە یاریی چوون و گەڕانەوە توانی بە ئەنجامی گۆڵێكی بێوەڵام یارییەكە بباتەوە و بگاتە یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداوی عەرەبی، دهۆك لە یاریی كۆتایی رووبەڕووی یانەی قادسیەی كوێتی دەبێتەوە.

یاریی كۆتایی جامی یانە پاڵەوانەكانی كەنداوی عەرەبی بەشێوەی چوون و گەڕانەوە بەڕێوە دەچێت، یاریی چوون لە ڕۆژی 8ـی مانگی داهاتوو لە یاریگەی محەمەد حەمەدی نێودەوڵەتی كوێت بەڕێوە دەچێت، یاریی گەڕانەوەش لە ڕۆژی 15ـی مانگی داهاتوو لە یاریگەی یانەی دهۆك دەكرێت و نازناوەكە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان بەرز دەكرێتەوە.