کەنەدا سزاکانی سەر سووریا سووک دەکات و باڵیۆزیش دادەنێت

کەنەدا سووکردنی سزا داراییەکانی سەر سووریا و دانانی باڵیۆزی بۆ دیمەشق ڕاگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی نوێی سووریا داوای پشتیوانیی نێو دەوڵەتی دەکەن.
بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، عومەر غەبرە، نێردەی تایبەتی کەنەدا بۆ سووریا ڕایگەیاندووە، کەنەدا دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێرێت، بۆ ئەوەی سوورییەکان بتوانن دەوڵەتێکی گشتگیر بنیات بنێن کە ڕێز لە هەموو هاووڵاتیانی بگرێت، دەتوانین هاوکار بین بۆ ئەوەی سوریا نەکەوێتە ناو پشێوی و ناسەقامگیرییەوە.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئێمە پابەندین بە دڵنیا بوون لەوەی هاوکارییە مرۆییە گرنگەکان بگاتە ئەو کەسانەی کە لە سووریا پێویستیان پێیەتی."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "ڕاگەیاندنی بودجەی نوێی بە بڕی 84 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتییە مرۆییەکان لە وەڵامی قەیرانی سووریادا."
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەم بودجەیە پشتگیریی لە هاوبەشە مرۆییە بە ئەزموونەکان دەکات بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی پێویستیی ژیان، لەوانە خۆراک، ئاو، پاکوخاوێنی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە "کەنەدا سزا سەپێنراوەکانی لەسەر دەسەڵاتی نوێی سووریا سووک دەکات، بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت پارە لە هەندێک بانکی وڵاتەوە، بگوازرێتەوە وەک بانکی ناوەندیی سووریا."
ڕوونیشی کردەوە، سوککردنی سزاکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیاندنی سەقامگیری و بەردەوامیی هاوکارییەکان و پاڵپشتی هەوڵەکانی دووبارە گەشەپێدان و بتوانن بۆ بوژانەوەی خێرای سووریا.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ستیفانی مەککۆلوم، باڵیۆزی کەنەدا لە لوبنان کاندید کراوە بۆ ئەوەی وەک باڵیۆزی نا نیشتەجێ بۆ سووریا کار بکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سووککردنی سزاکان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "دەستپێکردنەوەی ئامادەیی دیپلۆماسی کەنەدا لە سووریا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە ناحکوومەتییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی دیکە، بۆ پشتیوانیی لە ئاشتی و سەقامگیری سیاسی لە وڵات و دەرەوەی وڵات."