هەواڵگریی دانیمارک هۆشداری لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئەورووپا دەدات

دەزگای هەواڵگریی دانیمارک هۆشداری دەدات لە پێنج ساڵی داهاتوودا ڕووسیا جەنگێکی گەورە و فراوان لە دژی ئەورووپا دەست پێ دەکات. 

ڕۆژنامەی پۆلەتیکۆ بڵاوی کردووەتەوە، هەواڵگریی دانیمارک هەڵسەنگاندنی بۆ مەترسییەکانی دابەشبوونی هێزی وڵاتانی نێو هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و مەترسی و هەڕەشەکانی ڕووسیا کردووە، هەربۆیە هۆشداری داوە لە ئەگەری دابەشبوونی ناتۆ و کشانەوەی ئەمەریکا، ئەوا ڕووسیا توانای هەیە لە پێنج ساڵدا جەنگێکی گەورە لە ئەورووپا هەڵگیرسێنیت.

بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی دانیمارک، ئەگەر هاوپەیمانی ناتۆ لە ڕووی سەربازی و هێزەوە دابەش بێت و لە لایەنی سیاسییەوە بێهێز بێت، ئەوە ڕووسیا زیاتر ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکێک، یان چەند وڵاتێکی ئەورووپایی و ئەندامی ناتۆ هێزی سەربازی بەکار بهێنێت، بە تایبەت ئەگەر ڕووسیا دڵنیا بێتەوە لەوەی کە ئەمەریکا ئامادە نابێت پشتیوانیی وڵاتانی ئەورووپا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، یەکێتیی ئەورووپا بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکەدا هەڵسەنگاندنێکیان کردووە، کە بەبێ ئەمەریکا، ئەورووپا چی پێویستە لە ڕووی تۆکمەکردنی هێزی سەربازییەوە بیکات. بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا پێویستیان بە 300 هەزار سەرباز و زیادکردنی لایەنیکەم 250 ملیار یۆرۆ خەرجیی ساڵانەی بەرگری هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کورتدا بتوانن بەرپەرچی هەر هەڕەشە و هێرشێکی سەربازی ڕووسیا بدەنەوە.