عێراق: ئەو کرێکارە سووریانەی خۆیان تۆمار کردووە زیاتر لە 5500 کرێکار دەبن

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، ژمارەی کرێکارانی تۆمارکراوی سووری لە عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت، زیاتر لە پێنج هەزار کرێکار خۆیان تۆمارکردووە.

حەسەن خەوام گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە لیدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ژمارەی ئەو کرێکارە سووریانەی بەشێوەیەکی فەرمی دێنە عێراق و خۆیان تۆمار کردووە، 5544 کرێکارن، بەڵام ئەوانەی ناویان تۆمار نەکردووە، بەچەند ڕێگایەکی جیاواز و دێنە عێراق و کار دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەت تیمی پشکنینی هەیە کە سەردانی شوێنەکانی کارەکان دەکەن، هەروەها ڕێکاری یاسایی دەگرنەبەر کە هەرکرێکارێک سەرپێچی بکات بە ڕێکارەکانی تایبەت بە کرێکارانی بیانی، دیپۆرت دەکرێتەوە.

بەپێی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی سوورییەکانی لە عێراق زیاترە لە 250 هەزار کەس، کە زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن.

لای خۆیەوە، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "ژمارەی کرێکارانی عەرەب و بیانی لە عێراق لە 800 هەزار کرێکار کەمتر نییە."

ئاماژەی بەوەش کرد، بوونی کرێکارانی سووری لەو وڵاتە نایاساییە، زۆرینەیان لەڕێگەی قاچاخەوە هاتوونەتە ناو عێراق، دەشڵێت، "چێشتخانەکانی بەغدا نزیکەی 80-90%ی کرێکارانی سووریان دامەزراندووە".