داعش هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئاسایشی ڕەققە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەکدارانی داعش هێرشێکیان لە شاری ڕەقە کردە سەر دەوریەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە ئەنجامدا کارمەندێکیان کوشت و دووی دیکەش برینداربوون.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە چالاکی شانەکانی داعش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە'دا زیادی کردووە.
بەپێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، شانەکانی داعش لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە تا ئێستا نزیکەی 38 هێرشیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەر کردووە، کە لەو هێرشانە 14کەس کوژراون، 10کەسیان لە ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بەو هێزانە بوون، چواریشیان لە چەکدارانی داعش بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕوانگە، 28 هێرش لە دێرەزوور کراوە لە ئەنجامدا حەوت سەربازی هەسەدە کوژراون و حەوتی دیکەش بریندار بوون، هەروەها حەوت هێرشی دیکە لە حەسەکە کراوە، بەهۆیەوە شەش کەس کوژراون کە چواریان داعش بوون و دوویان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بوون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها دوو هێرشیش لە ڕەققە کراوە کارمەندێکی ئاسایش کوژراوە و سێ دیکە بریندار بوون.