عێراق داوا لە ئەمەریکا دەکات بەبڕیارەکانیدا بچێتەوە
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتەکانی عێراق، داوایان لە ئەمەریکا کردووە بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە سەبارەت بە ڕاگرتنی پشتیوانیی لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی لە عێراق کار دەکەن.
پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، وەزیرانی کۆچبەران، وەرزش و لاوان، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، و پەروەردە، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، سەرۆکی دەستەی ئاسایشی نیشتمانی، بریکاری وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکوومەتی بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ناوەرۆکی نامەکەی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کراوە، سەبارەت بە دەستنیشانکردنی بۆشاییەکانی کار کە لە ئەنجامی بڕینی بودجە لەلایەن ئەمەریکاوە سەرهەڵدەدات و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا هاتووە "کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ دراوە بۆ پاڵپشتیی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دامودەزگا عێراقییەکان، کە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن، دڵنیابوون لە بەردەوامیی گواستنەوەی خێزانە عێراقییەکانی کەمپی هۆل."
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرایەوە بۆ داخستنی بەشی دووەمی دۆسییەی داعش، لەڕێگەی شیاندنەوەی ئەو خێزانانەی کە تێوە گلاون. جەختیش لەوە کراوە، ئەمە بەرپرسیارێتیی هاوبەشە نەک بەتەنیا عێراق، بۆیە داوا لە ئەمەریکا دەکەین بە بڕیارەکەی سەبارەت بە ڕاگرتنی پاڵپشتی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە عێراقدا، بچێتەوە.
پێنجشەممەی ڕابردوو لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەکانی بڕیاری ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوەندی ئەلئەمەل بۆ چاکسازیی دەروونی و کۆمەڵگا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کاردانەوەی بڕیاری ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوەندەکە تاوتوێ کرا، هەروەها باس لە نۆژەنکردنەوەی ناوەندی جەدعە کرا بۆ پێشوازیی لەو خێزانانەی لە کەمپی هۆڵەوە دەگەڕێنەوە.