سوپای ئیسرائیل: لە بە ئامانجگرتنی ڕێکخراوە فەڵەستنییەکان بەردەوام دەبین

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی هەڵیانکوتایە سەر ناوەندێکی فەرماندەیی سەر بە ڕێکخراوی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە ناوچەی دیمەشق کە بۆ پلاندانان و بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە بەکار دەهات.
پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، سوپای ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل ڕێگە نادات ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ناوخۆی سووریادا خۆیان جێگیر بکەن و دژی دەوڵەتی ئیسرائیل چالاکییان هەبێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سوپا بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی ڕێکخراوە فەڵەستینییەکان لە هەر شوێنێک کە پێویست بێت و بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل.
کەناڵی 12ی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، هێرشەکەی دیمەشق هاوکات بووە لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستووری لە کۆشکی سەرۆکایەتی، کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا ئامادەی بووە، کە دەکەوێتە نزیک ئەو ناوچەیەی هێرشی کراوەتە سەر.
هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بارەگای بزووتنەوەی جیهادیان لە گەڕەکی دومەر لە دیمەشق بۆمباران کرد، وەک زانراوە، تا ئێستا کەسێک بەهۆی هێرشەکەوە کوژراوە و چەندی دیکەش بریندارن.