کەرکووک.. سەگە بێلانەکانی نێو شێڵتەر لە دۆخێکی خراپدان

دیمەنی سەگە بێلانەکانی نێو پەناگەی کەرکووک
دیمەنی سەگە بێلانەکانی نێو پەناگەی کەرکووک

لە پەناگەی سەگە بێلانەکانی کەرکووک 700 سەگی بێلانە هەن و لە بەدواداچوونێکی کوردستان24دا دەرکەوت دۆخیان خراپە و سەرپەرشتیاری پەناگەکەش داوای بەهاناوەچوون دەکات.

پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، هێمن دەلۆ پەیامنێری کوردستان24 چووەتە نێو پەناگەی سەگە بێلانەکان و لەگەڵ سەرپەرشتیاری پەناگەکە قسە دەکات.

تەها ئەحمەد، سەرپەشتیاری پەناگەی سەگە بێلانەکانی کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەی 10مانگە لێرەم بە 24 کاتژمێرە نەچوومەتە دەرەوە و چوار مانگیشە مووچەم وەرنەگرتووە، چونکە بە تەنیام و هیچ کەسێک ناتوانێت لێرە کار بکات، لەبەر ئەوەی کارێکی زەحمەتە و مەترسیشە.

تەها ئەحمەد، گوتی: بەهۆی کەمی خواردن و نەبوونی خزمەتگوزاری لەم پەناگەیە، سەگەکان شەوانە قاچی یەکتر دەخۆن و تووشی نەخۆشی دەبن، بەشی زۆریان هێزیان تێدا نەماوە.

ئەو سەرپەرشتیارە باسی لەوەشکرد، شەو و ڕۆژ تەنیا سێ بۆ چوار کاتژمێر دەخەوم، تەواوی کارەکانی ئەم پەناگەیە لە ئەستۆی منە و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە وەرزی هاویندا تەندروستیی سەگەکان زۆر لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت.

کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ پەناگەیان لە کەرکووک خێراتر کراوە، چونکە چەندین حاڵەتی پەلاماری سەگ بۆ سەر منداڵ و بە تەمەنەکان تۆمار کراون و ئەمە جگەل ەوەی لە ماوەیی شەش مانگدا سێ حاڵەتی مردن بەهۆی سەگەوە ڕوویداوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment