ئاژانسێک: ئەگەر هەیە شاندی دەم پارتی بۆ جاری چوارەم لەگەڵ ئۆجەلان کۆ بێتەوە

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە
کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە

ئاژانسێک ڕایگەیاند: ئەگەر هەیە پێش جەژنی نەورۆز، جارێکی دیکە شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبێتەوە.

پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، ئاژانسی میزۆپۆتامیا، بڵاوی کردەوە، دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، شاندی دەم پارتی بۆ تاوتوێی قۆناغی دوای بانگەوازەکە و پرۆسەی نوێی ئاشتی، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەن و پارتەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەست پێکردووە، شاندەکە لەگەڵ مەهەپە و ئەردۆغانیش کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر هەیە بەر لە جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ، شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان بۆ چوارەم جار کۆبێتەوە و پەیامێکیش لەگەڵ خۆیان بهێنن و لە نەورۆزی دیاربەکر بیخوێننەوە.

سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕێوڕەسمێکدا پەیامی جەژنی نەورۆزی، لە شاری دیابەکری باکووری کوردستان خوێندەوە. 

تونجەر باکرهان باسی لەوە کرد، "بانگەوازێکی مێژوویی لەلایەن ئۆجەلانەوە کرا و لە قۆناغێکی زۆر گرنگداین. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەمڕۆ پەیامی نەورۆز خوێنرایەوە، ئەم نەورۆزە زۆر گرنگە و دەبێت بە جوانترین شێوە یادی بکەینەوە."

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."