ئەردۆغان: لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان قۆناغێکی گرنگمان له‌ تورکیای بێ تیرۆردا بڕیوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: لە ماوەیەکی کورتدا، بە بەشداریی پارتە سیاسییەکان لە پەرلەمان، پێشکەوتنی بەرچاو لە کارەکان بە ئاراستەی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەدەست هاتوون.

پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئێوارەخانێکدا لەگەڵ پەرلەمانتارانی تورکیا، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی:  لە ماوەیەکی کورتدا، بە بەشداریی پارتە سیاسییەکان لە پەرلەمان، پێشکەوتنی بەرچاو لە کارەکان بە ئاراستەی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەدەست هاتوون.

 گوتێشی: لە 27ـی شوبات، لەگەڵ پایەمەکەی ئۆجەلان قۆناغێکی گرنگییان له‌ تورکییای بێ تیرۆردا بڕیوە، ئاماژەی بەوەش کرد، کەسانێک هەن کە نیگەرانن و نایانەوێت تیرۆر بنبڕ بکرێت و خەباتی مەدەنی بەدەست بهێنرێت.

ئەردۆغان، ڕووی دەمی کردە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران و جەختی لەوە کردەوە، با دەست لە ناو دەست کەین و ئەو خەنجەرە دەربهێنن کە خراوەتە ناو برایەتی هەزار ساڵەی گەلەکەیانەوە.

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."