ئەمەریکا و ئیسرائیل بەنیازن هاووڵاتییانی غەززە لە سێ وڵاتی ئەفریقی نیشتەجێ بکەن

ئەمریکا و ئیسرائیل پێشنیاری نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززەیان بۆ بەرپرسانی سێ وڵاتی ئەفریقا کردووە.

هەینی، 14ـی ئاداری 2025، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی و ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، واشنتن و تەئلەئڤیڤ پەیوەندییان بە بەرپرسانی سێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە لە وڵاتەکانیان.

بەگوێرەی زانیاریی ئاژانسەکە، ئەو سێ وڵاتە، سوودان، سۆماڵ و ناوچەی سۆماڵی جیابووەیە کە بە 'سۆماڵیلەند' ناسراوە. 

باس لەوەش کراوە، بەرپرسانی سوودان پێشنیازی ئەمەریکایان ڕەت کردووەتەوە، هاوکات بەرپرسانی سۆماڵ ڕایانگەیاندووە، ئاگاداری هیچ پەیوەندییەک نین لەم بارەیەوە.

چوارشەممە 12ـی ئاداری 2025، وەزیرانی دەرەوەی میسر، سعوودییە، ئوردن، قەتەر، ئیمارات، سکرتێری ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەڵەستین و نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دەوحە کۆبوونەوە و هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و پلانی میسریان لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە تاوتوێ کرد و پشتوانیی خۆیان بۆ دانیشتووانی کەرتەکە دووپات کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی میسر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لەسەر درێژەدان بە ڕاوێژکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە پلانی میسر بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە ڕێککەوتن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment