فوئاد حوسێن: ئەزموونی عێراق ڕەنگە سوودی بۆ سوورییەکان هەبێت

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و  ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، باسمان لە جموجۆڵی داعش کرد، هەروەها بیرۆکەی پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە تاوتوێ کرد.

هەینی 14ـی ئاداری 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە و پاشان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا.

وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: هەڕەشەی هاوبەش بۆ کۆمەڵگەی سووری و عێراقی هەیە، بۆیە دەبێت پێکەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە.

ئاماژەی بەوە کرد، پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشمان لەگەڵ بیرۆکەی پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە تاوتوێ کرد.

 جەختی لە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سووریا کردەوە، هاوکات گوتی: ئەزموونی عێراق ڕەنگە سوودی بۆ سوورییەکان هەبێت.

فوئاد حوسێن، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، "برایانمان لە سووریا خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتێکی تاکڕەویی کرد". گوتیشی: فەرامۆشکردنی هەر پێکهاتەیەک لە کۆمەڵگە تووڕەیی لێدەکەوێتەوە.

لەبارەی ڕێککەوتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: پاڵپشتیی لەو ڕێککەوتنەی نێوانیان دەکەم.

سەبارەت بە ڕێکخراوی داعشیش، فوئاد حوسێن، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە عێراق و سووریا هەماهەنگییەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەهێزتر بکەن.

هاوکات دووپاتی کردەوە، ئەگەر سووریا ناسەقامگیر بێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت. گوتیشی: دیمەشق کاردەکات بۆ سودوەرگرتن لە ئەزموونی عێراق لە ئاوەدانکردنەوەدا.

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا

شەیبانی: سووریا ڕووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە و عێراقیش لەمە تێدەگات

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، گوتی: لە بەغداین بۆ ئەوەی یەکڕیزی نێوان سووریا و عێراق نوێ کەینەوە، هەروەها پەیوەندی دووقۆڵی و برایەتی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ بەهێزتر دەکەین.

وەزیری دەرەوەی سووریا، ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ عێراق چارەنووسێکی هاوبەشمان هەیە و پێویستە هەردوو وڵات پێکەوە بەرانبەر هەر هەڕشە و دەستوەردانێکی دەرەکی بووستنەوە. گوتیشی: ئامادەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش هاوکاری عێراق بکەین، بەو پێیە ئاسایشی سووریا ئاسایشی عێراقیشە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، سووریا ڕووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە و عێراقیش لەمە تێدەگات.

لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان، شەیبانی دەڵێت: ئامانجامانە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانمان بەهێزتر بکەین و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگاکەنمان لابەرین، هەروەها کردنەوەی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات هەنگاوێکی بنەڕتی دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێمە بەشێکین لە نەتەوەی عەرەب، پێویستە بەردەوام بین لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان نەک تەنیا وەک حکوومەت، بەڵکو وەک گەلان بۆ گەیشتن بە ئاییندەیەکی باشتر.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە سەردانێکی فەرمیی ڕانەگەیەنراو، گەیشتە بەغدا. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەبێتەوە و دواتر کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ساز دەکەن.