نوخشە ناسیح بە وەکالەت دەبێتە پارێزگاری هەڵەبجە

سەرچاوەیەک لە حکوومەتی هەرێمی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، نوخشە ناسیح، قایمقامی ئێستای هەڵەبجە لە پۆستی پارێزگاری شارەکە بە وەکالەت دەست بە کار دەبێت و کاروبارەکانی پارێزگاکە بەڕێوەدەبات.
سەرچاوەکە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، گوتی: دوێنێ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی دەست بەکاربوونی نوخشە ناسیح لە پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت واژۆ کردووە و سەرەڕای كارەكەی خۆی وەک قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجەیە، کارەکانی پارێزگاریش ڕادەپەڕێنێت.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بەهۆی ئەوەی سبەینێ شەممە و یەکشەممە پشووی فەرمییە، بڕیارە دووشەممە 17ی ئاداری 2025، فەرمانەکە بگاتە پارێزگای هەڵەبجە.
هەروەها سەرچاوەکە گوتیشی: بەهۆی خانەنشین بوونی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و شاهین حەمەرەزای جێگری پارێزگاری هەڵەبجە خانەنشین بوون، هاوکات كاوە عەلی، جێگرەکەی دیکەی پارێزگاری هەڵەبجە بووەتە پەرلەمانتار، بۆ ئەوەی بۆشایی ئیداری دروست نەبێت لەم قۆناغە قایمقامی ئێستای هەڵەبجە لە پۆستی پارێزگاری شارەکە بە وەکالەت دەست بە کار دەبێت.