شاندێکی درووزەکانی سووریا گەیشتە بەرزاییەکانی جۆلان
شاندێک کە پێکهاتبوو لە ژمارەیک کەسایەتیی و پیاوە ئایینییەکانی درووزی سووریا، چوونە بەرزاییەکی جۆلان و لەگەڵ شێخ مۆفەق تەریف، سەرکردەی ڕۆحی کۆمەڵگەی درووزەکانی ئیسرائیل کۆدەبنەوە.
هەینی 14ـی ئاداری 2025، شاندێکی درووزەکانی سووریا، کە پێکهاتبوون لە 60 پیاوی ئایینیی درووزی سووری، بە سێ پاس بە یاوەری ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل، گەیشتنە ناوچەی مەجدەل شەمس لە بەرزاییەکانی جۆلان.
ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە، شاندەکە لەگەڵ گەیشتنیان بە جۆلان بەرەو باکوور بەڕێکەوتن بۆ مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ شێخ مۆفەق تەریف، سەرکردەی ڕۆحی کۆمەڵگەی درووزەکانی ئیسرائیل، پاشان شاندەکە دەچنە گوندی جولیس لە نزیک شاری تەبەرییە و سەردانی مەزارگەی پێغەمبەر شوعەیب دەکەن.
لە مەجدەل شەمس نزیکەی 100 کەسی درووز بە گوتنی گۆرانی تایبەت بە نەریتی خۆیان و چەپڵە لێدان پێشوازییان لە میوانان کرد.
درووزەکان لە لوبنان، ئیسرائیل، بەرزاییەکانی جۆلان، پارێزگای سوەیدا لە سووریا و هەندێک ناوچەی ئیسرائیلدا هەن، هەروەها درووزەکان 3ـ%ـی دانیشتووانی سووریا پێک دەهێنن.
درووزەکان تا ڕادەیەکی زۆر خۆیان لەو ململانێیە بە دوور گرت کە لە ساڵی 2011 لە نێوان هێزەکانی بەشار ئەسەد و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەستی پێکرد. زۆرێک لەوان توانیان خۆیان بەدوور بگرن لە چوونیان بۆ نێو سوپای سووریا.
لە ئێستادا گفتوگۆ لە نێوان نوێنەرانی پێکهاتەی درووز و ئیدارەی نوێی سووریا بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، کە هێزە ئەمنییەکانی درووزەکان تێکەڵ بە وەزارەتی بەرگریی سووریا دەکرێت.
