حەسەن ڕوحانی: دوور نییە چەند مانگێکی دیکە خامنەیی بە دانوستان ڕازی بێت

حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران ئاشکرای دەکات لەسەر چەند پرسێک دانوستانیان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە و دەڵێت: ڕەنگە ئێستا ڕێبەری باڵا دژی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بێت، بەڵام دوور نییە دوای چەند مانگێکی دیکە بە هەل و مەرجی نوێ ڕازی بێت، هەربۆیە دژایەتییەکی ڕەهای دانوستان لە ئارا نییە.
حەسەن ڕۆحانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک وەزیرەکان و بەشێک لە یاریدەدەرەکانی سەردەمی دەسەڵاتی خۆی لە حکوومەت، باسی لە دۆخی ئابووری و پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئێران کرد و ئاشکرای کردووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ساڵانە 100 ملیار دۆلار زیان دەکات.
دەڵێت: زۆر سەیرە مشتومڕ دەکەین لەسەر ئەوەی دانوستان بکرێت یان نەکرێت، باس لەوە دەکەن کە ڕێبەری باڵا، عەلی خامنەیی دژی دانوستانە، بەڵام وا نییە و ڕێبەری باڵا دژ نییە، بەڵکوو بەم هەل و مەرجانەی ئێستا هەن، ڕەنگە ئەمڕۆ دژ بێت، بەڵام دوور نییە دوای چەند مانگێکی دیکە بە هەل و مەرجی نوێ ڕازی بێت، هەربۆیە دژایەتییەکی ڕەهای دانوستان نییە.
سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە بە ئاگاداری ڕێبەری باڵا لە پرسی عێراق، ئەفغانستان، ڕێککەوتنی ئەتۆمی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا کراوە، دەشڵێت: کاتێک سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشیی نیشتمانی بووم، ڕێبەری باڵا ناوی کەسێکی بۆ ناردم و نووسی فڵانە کەس بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دەچێتە عێراق، چاوپۆشی لێ بکەن.
هەروەها ئاماژەی داوە، کە دۆخەکە زۆر هەستیار و مەترسیدارە، چونکە هەر کاتێک هەنگاوێک بەرەو پێشەوە دەچن، دۆخەکە خراپتر دەبێت و مەرجەکان قورستر دەبن.
حەسەن ڕوحانی لە قسەکانی دەڵێت: ئەگەر کێشەی وڵات تەنیا ئابووری بێت، ڕەنگە پرۆژەیەک گەڵاڵە بکرێت و جێگەی پەسەند بێت، جا چارەساز بێت یان نە، بەڵام کاتێک لە پاڵ کێشەی ئابووری، کێشەی ئاسایشیی نیشتمانی هەبێت و هەردوو کێشەکە بەیەکەوە یەک بگرن، ئەوا کۆمەڵگە لە هەموو شتێک بێئومێد دەکەن، هەربۆیە کێشەی ئێستای گەلی ئێران بێئومێدبوونە لە داهاتوو، کە بەشێکی پەیوەستە بە ئاسایشیی نیشتمانی، ئەمەش بە دروشم و قسە چارە نابێت.
گوتیشی: هەربۆیە چارەکردنی کێشەی ئاسایشیی نیشتمانی پێویستی بە هێزە، بۆ ئەوەی دوژمن و نەیار دڵنیا بنەوە لەوەی ناتوانن، توانا و هێزی ئێران لەناوبەرن؛ بۆ ئەمەش جەنگیی هەشت ساڵەی ئێران لەگەڵ عێراق بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت: لە دوای ساڵی 1983 سیستەمی مووشەکی و بەرگریی ئاسمانی لەگەڵ تۆپخانەکانمان تووشی شکست بوون و کاریان دەکرد، بەڵام کاریگەرییان نەبوو، چونکە فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق پێشکەوتووتر بوون لە توانا سەربازییەکانی ئێران.
ڕوحانی بڕوای وایە: دەبێت کارێک بکرێت کە دوژمنەکانی ئێران بزانن، توانا سەربازییەکانی ئێران هێندە بەرزە ناتوانێت بە ئاسانی پەلاماری بدرێت، یان دڵنیا بنەوە لەوەی هێرشەکانی بەرپەرچ دەدرێنەوە، یاخود وەڵامی بەهێزی دەدرێتەوە بۆ ئەوەی بوێری هێرش و پەلاماردنی ئێرانی نەبێت.
هەروەها باس لە مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: ئێستا ئەگەر باس لە دوژمنایەتی و جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل بکەین، ئەوا دڵنیابن لەم حاڵەتەدا ئەمەریکا بە هەموو تواناکانی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات، هەربۆیە ئەگەر بە پلان، بیر لەم دۆخە نەکرێتەوە، ئەوە تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبینەوە، هەربۆیە قسە کردن لەسەر ئەوەی توانای ئێمە چییە و توانای ئیسرائیل چییە، هەڵەیە، چونکە تواناکانی ئیسرائیل هەر هەموو ئەمەریکییە، جا لە چەک، مووشەک، فڕۆکە و ڕادار و زانیاریی هەواڵگرییەوە، چونکە ئەمەریکا لە هەموو شوێنێکە.