ترەمپ: ئەمیرەکەی داعش بەهاوکاریی هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەناو برا

دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ کوشتنی کەسی دووەمی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا دەردەبڕێت و دەڵێت: بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، توانیمان گەورەترین ئەمیری هەڵاتووی داعش لە عێراق و سووریا لەناو بەرین. هەروەها سێنتکۆم ڕایگەیاند، دوای بەراوردکردنی ترشیی ناوکی، لە کوشتنی عەبدوڵلا مەکی موسلح ئەلڕوفاعی، ناسراو بە "ئەبو خەدیجە" دڵنیا بوونەتەوە، کە لەسەرتاسەری جیهان سەرپەرشتی کردە چەکداری و پارەدارکردنی کردەوەکانی داعشی دەکرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نوسیوویەتی: بەهاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، توانیمان گەورەترین ئەمیری هەڵاتووی داعش لە عێراق و سووریا لەناو بەرین.

هەر لەبارەی کوشتنی ئەمیرەکەی داعش، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆ) بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ساتی کوشتنی ئەمیرەکەی داعش، ئاماژەی داوە، هێزەکانی سێنتکۆم بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە هەواڵگری و ئەمنییەکانی عێراق، لە هێرشێکی وردی ئاسمانی لە پارێزگای ئەنبار توانرا کەسی دووەمی ڕێکخراوی داعش و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و ئەمیری لیژنەی نوێنەرایەتی، عەبدوڵلا مەکی موسلح ئەلڕوفاعی، ناسراو بە "ئەبو خەدیجە" لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی داعش بکوژن.

سێنتکۆم، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەبو خەدیجە، ئەمیری بەرزترین دەستەی بڕیاردان بووە لە ڕێکخراوی داعش، هەروەها بەرپرس بووە لە کردە چەکدارییەکان و پلاندانانی ڕێکخراوەکە لە ئاستی نێودەوڵەتی، هاوکات لەسەرتاسەری جیهان سەرپەرشتی پارەدارکردنی کردەوەکانی داعشی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنداوەکەدا هاتووە، دوای هێرشە ئاسمانییەکە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا و هێزەکانی عێراق چوونەتە شوێنەکە و تەرمی هەردوو تیرۆریستەکەیان دۆزیوەتەوە، پشتێنەی بۆمبڕێژکراویان پێوە بووە، بەڵام نەتەقیوەتەوە و چەند پارچە چەکێکیان پێ بووە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، دوێنێ هەینی دوای بەراورد کردنی ترشیی ناوکی (DNA) لە کوژرانی ئەبو خەدیجە دڵنیا بوونەتەوە.  

لەلایەن خۆیەوە، جەنەراڵ مایکل ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) دەڵێت: ئەبو خەدیجە یەکێک بوو لە سەرکردە گرنگەکانی داعش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هەروەها لە نەهێشتنی تیرۆریستان و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخستنەکانیان بەردەوام دەبین، کە بوونەتە هەڕەشە لەسەر وڵات و هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە و شوێنەکانی دیکە.