ترەمپ ڕێگە نادات هاووڵاتیانی 43 وڵات بچنە ئەمەریکا

شەممە، 15ـی ئاداری 2025، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا بەنیازن ڕێکارەکانی هاتنی هاووڵاتیانی چەند وڵاتێک بۆ ناو ئەمەریکا توندتر بکەنەوە، کە چەند وڵاتێکی عەرەبیش لە ڕیزی لیستەکەی ئەمەریکا دایە.

بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامە ئەمەریکییە، ئەو ڕێکارە نوێیە بۆ 43 وڵات دەبێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ئەو وڵاتانە دەکاتە سێ بەش بە پێی ئاستی ئەو سنووردارکردنەی کە بۆ هاتنی هاووڵاتییانیان سەپێنراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئاماژەی بەوە داوە، بەشی یەکەم، ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە هاووڵاتیانیان بە تەواوی ڕێگریان لێ دەکرێت لە چوونە ناو خاکی ئەمەریکا ئەوانیش، یەمەن، لیبیا، سووریا، سۆماڵ، سوودان، ئەفغانستان، ئێران، کۆریای باکوور، کوبا، ڤەنزوێلا و بۆتان.

بەشی دووەم، ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە هاووڵاتیانیان بەتەواوی سنووردارکراون لە چوونە ئەمەریکا، لەوانە ڕووسیا، بیلاڕووس، هایتی، لاوس، میانمار، پاکستان، سیرالیۆن، تورکمانستان، ئەریتریا و باشووری سوودان.

بەشی سێیەم، ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە هاووڵاتیانیان ڕووبەڕووی سنوورداری دیاریکراو یان تەواوەتی دەبنەوە، لەوانە ئەنگۆلا، ئەنتیگوا، بەربودا، بەنین، بورکینا فاسۆ، ڤانواتو، گامبیا، کۆماری دۆمینیکان، کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی، زیمبابۆی، کۆماری کابۆ ڤێرد، کەمبۆدیا، کامیرۆن، کۆنگۆ، لیبریا، مۆریتانیا، مالاوی، مالی، ساو تۆمی و پرینسیپ، سانت کیتس و نێڤیس، سانت لوسیا، چاد، و گینیای ناوەڕاست.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، هێشتا هەموارکردنەوەی ڕێکارەکان لەژێر لێکۆڵینەوەدان و پێش ئەوەی بە فەرمی ڕابگەیەنرێت ڕەنگە گۆڕانی تێدا بکرێت.

بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، مەبەست لەم ڕێوشوێنانە بەرزکردنەوەی ئاسایشی نیشتمانییە، بەڵام ڕەنگە ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرفراوانی حکوومەت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ببنەوە.

ئەوەی جێگای باسە عێراق نەخراوەتە نێو لیستە نوێیەکە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، ڕووی دا.