دوای پێشنیازی ئاگربەست، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەچێتە کۆریای باکوور

شەممە، 15ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ئەندرێ ڕودینکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی کۆریای باکوور دەکات.
بەرپرسانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا و کۆریای باکوور ڕایانگەیاندووە، سەردانەکەی ڕۆدینکۆ لەدوای پێشنیازی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستی شەڕی ئۆکرانیا دێت، کە هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بۆ پاڵپشتیی هێزەکانی ڕووسیا، شەڕی ئۆکرانیا دەکەن.
دوێنێ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئۆکرانیا ڕازی بووە بە ئاگربەست، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا هەوڵ دەدات ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ڕازی بکات بە ڕێککەوتنەکە، گوتیشی ڕێککەوتنەکە "ئاسان نییە".
ڕودێنکۆ، ڕۆڵی هەبووە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ کۆریای باکوور، هەروەها بەشێک بووە لە شاندەکانی ڕووسیا کە لە سەرەتای جەنگدا بەشدارییان لە دانووستانەکانی ئاشتیی لەگەڵ ئۆکرانیادا کردووە.
دۆرۆتی شیا، جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی یەکدا بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندبوو، زیاتر لە 12 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە ڕووسیان و لە ناوچەی سنووری کورسک، شەڕی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن.
مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، پوتین پەیماننامەی هاوبەشی ستراتیجیی لەگەڵ کۆریای باکوور ئیمزا کرد کە بڕگەیەکی تێدا بووە ئەویش بەرگریکردنە لە یەکتری لەکاتی هێرشی چەکداری.
ڕێککەوتنەکە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 لەلایەن پوتین و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوورەوە ئیمزا کرا، دوای کۆبوونەوەی لووتکە لە پیۆنگیانگ، مەرجی ئەوە خراوەتە ڕوو کە لە ئەگەری هێرشی چەکداریدا هەر لایەنێک پاڵپشتی ئەوی تر دەکات.