بەبۆنەی 122 ساڵەی لەدایکبوونی مەلا مستەفا بارزانی هەڵمەتێکی نەمام چاندن لەکەرکووک بەڕێوە دەچێت

لە كەركووك، بە بۆنەی 122 ساڵەی لەدایکبوونی مەلا مستەفا بارزانی، لەقوتابخانەکانی خوێندنی کوردی هەڵمەتێکی نەمام چاندن بەڕێوە دەچێت و ماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت. لە ھەڵمەتەكەدا بڕیارە زیاتر لە 500 نەمام لە ناوەندەكانی خوێندندا بچێندرێت.

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ساڵیادی لەدایکبوونی جەنابی بارزانی، کە زیاتر لە نیو سەدە ڕابەرایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمانی کردووە، بڕیارمان دا 500 نەمام لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی بچێنین، ئەمەش وەکوو وەفایەکە بۆ مەلا مستەفا بارزانی."

گوتیشی: ئێمە، کەرکووکیەکان هەمیشە خۆمان بە قەرزاری مەلا فستەفا بارزانی دەزانین، کە خۆی و شۆڕشەکەی کردە قوربانیی کەرکووک؛ بۆیە ئێمەش وەک کەمترین وەفا ئەو 500 نەمامە دەچێنین.  ئەمە قۆناغی دووەمە، لە قۆناغی یەکەمیشدا 1000 نەماممان لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی چاندووە، چونکە بارزانی دۆستی ژینگە بووە ژینگەی خۆشویستووە. لەبەر ئەوە ئێمەش یادی ئەو ڕۆژەمان بەچاندنی نەمام کردەوە."