وەزارەتی دادی فیدراڵ لیژنەیەکی بۆ گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی داگیرکراوی هاووڵاتییان پێک هێنا

ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەکیان بۆ بە دواداچوون و چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارەی 3ـی ساڵی 2025، تایبەت بە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پێک هێنا، کە جێبەجێ کردنی بڕیارەکە شەش مانگی پێ دەچێت.
لەم بارەوە ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی فیدراڵ بە میدیای فەرمی عێراقی گوت: ئەو لیژنەیەی پێک هێنراوە، لەلایەن بریکاری باڵای وەزارەتی داد، زیاد تەمیمی، سەرپەرشتی دەکرێت و ئەندامەکانیشی لە نوێنەرانی دیوانی چاودێریی دارایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ پێک هاتوون، ئەرکیان جێبەجێکردنی بڕیاری گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی داگیرکراوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، هەرچەندە جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێویستی بە دەرکردنی ڕێنمایی هەیە و دەبێت لە ماوەی شەش مانگ جێبەجێ بکرێت.
سەبارەت بە چارەکردنی بڕیاری ژمارەی 29ـی ساڵی 2012ی ئەنجوومەنی وەزیران، تەمیمی ئاماژەی داوە "ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ماوە و تەواو نەکراون، بەڵام ڕاسپاردەکان ئاراستەی سەرۆک وەزیران کراون بۆ ئەوەی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی زەوییە کشتووکاڵییەکانی وەزارەتی کشتووکاڵ پێک بهێنرێت، بە مەبەستی هەڵسەندگاندنی بارودۆخەکان لە هەر حاڵەتێکدا، هەروەها ڕێگە بە هاووڵاتییان بدرێت بۆ ئەوەی زەوییە کشتووکاڵییەکانیان وەبەربێنن، بێ ئەوەی کێشە و گرفتیان بۆ دروست بکرێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی داد ڕاشیگەیاندووە "لیژنەکە ڕاسپاردەکانی بۆ سەرۆک وەزیران بەرز کردووەتەوە بۆ فەرمانکردن بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک، تاوەکوو زێدەڕۆییەکانی سەر ئەو موڵکانە هەڵگرن، کە ناکۆکیی زەوی و زاریان لەسەر نییە، بۆ ئەوەی خاوەنەکانیان بە گوێرەی یاسا بتوانن وەبەری بهێنن."
هاوکات، لیژنەکە داوای کردووە فەرمانێکی دیکە بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و دیوانی پارێزگاکە و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان بکرێت، تاوەکوو تیمێکی هاوبەش بۆ سەردانی شوێنەکان پێک بهێنن و جووتیاران هۆشیار بکەنەوە و دڵنیاییان پێ بدەن، کە جێبەجێکردنی بڕیاری 3ـی ساڵی 2025، گەرەنتییەکە بۆ چارە کردنی هەموو ئەو کێشە و ناکۆکییانەی کە چەندین ساڵە بەرۆکیانی گرتووە.