دەم پارتی: پەیامی نوێی ئۆجەلان لە نەورۆز کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی، گوتی: بوونی پەیامی نوێی عەدبوڵڵا ئۆجەلان و خوێندنەوەی لە یادەکانی نەورۆز کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتیی تورکیا دەبێت.
شەممە 15ـی ئاداری 2025، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی، لەبارەی کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، دەڵێت: ئەگەری هەیە دوای جەژنی ڕەمەزان کۆببینەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان، ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی: گرنگە پێش نەورۆز کۆبوونەوەیەک لە ئیمڕاڵی بەڕێوەبچێت و داواکارییان گەیاندووەتە دەسەڵاتداران بۆ ئەم مەبەستە.
گوتیشی، بوونی پەیامی نوێی ئۆجەلان و خوێندنەوەی لە یادەکانی نەورۆز کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتیی تورکیا دەبێت.
پێشتر شاندی ئیمڕاڵی ڕایانگەیاندبوو، بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان، داواکارییان پێشکێشکردووە و رۆژی 17ـی ئەم مانگەش لەگەڵ فراکسیۆنی مەهەپە و ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان و پرۆسەی نوێی ئاشتی.