هۆشداریی لە زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە لە ئێران دەدرێت

ڕۆژانە 390 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئێران تۆمار دەکرێن

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشییە نادرمەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت: ساڵانە لە وڵاتەکە 79 هەزار کەس بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە گیان لەدەست دەدەن و لە ماوەی 15 ساڵی داهاتوودا ئەو ژمارەیە دوو هێندە زیاد دەکات.

شێرپەنجە تەنگی بە خەڵکی ئێران هەڵچنیوە و جەعفەر جوندوقی، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشییە نادرمەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، ئاشکرای کردووە، ڕۆژانە نزیکەی 390 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە لە وڵاتەکەی تۆمار دەکرێن کە ساڵانە دەگاتە 142 هەزار و 350 حاڵەت. هەموو ڕۆژێکیش 216 کەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدان کە ساڵانە دەگاتە 79 هەزار کەس.

ئەم ئامارە نوێیە لە کاتێکدایە، لە 22ـی تشرینی دووەمی 2023 ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشییە نادرمەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، ساڵانە 85 بۆ 90 هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە ئێران دەستنیشان دەکرێن، واتا ڕۆژانە 233 بۆ 247 حاڵەت.

بەراوردی ئاماری دەسنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە نێوان ساڵانی 2023 و 2024ـدا دەری دەخات، تەنیا تۆمارکردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە 58% بۆ 67% زیادی کردووە.

پێشتر ناوەندی ئاماری وڵاتەکەش رایگەیاندبوو، 68%ـی تووشبووانی شێرپەنجە ناچارن یەک لەسەر سێی داهاتەکانیان بۆ دەرمانی نەخۆشییەکەیان خەرج بکەن و ئەوەشی بە تێچوویەکی کەمەرشکێن پێناسە کردووە.