تەقینەوەیەکی بەهێز لە لازقییە ڕووی دا

تەقینەوەیەکی بەهێز لە گەڕەکی ڕەمل لە باشووری شاری لازقییەی سووریا ڕوویدا.
شەممە 15ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی سووریا "سانا" بڵاوی کردەوە، تەقینەوەیەکی بەهێز لە گەڕەکی رەمل لە باشووری شاری لازقییەی سووریا ڕووی دا و تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە.
لای خۆیەوە بەرگریی شارستانی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێت: بەهۆی تەقینەوەکە باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی خاپوور بووە و ژمارەیەک هاووڵاتی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە، تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵی ڕزگارکردنیان دان.
لەلایەکی دیکەوە، پارێزگای لازقییە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی تەقینەوەکە تا ئێستا 3 کەس مردوون و 12ـی دیکەش بریندرابوون، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا ماون.