زێلێنسکی تیمێکی دانووستانکار بۆ پرۆسەی ئاشتیی وڵاتەکە پێک دەهێنێت

سەرۆکی ئۆکرانیا، تیمێکی بۆ نوێنەرایتییکردنی کێیڤ لە دانووستانی پرۆسەی ئاشتیی وڵاتەکە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا پێک هێنا.
شەممە 15ـی ئاداری 2025، سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا بڵاوی کردەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی وڵاتەکە تیمێکی بۆ نوێنەرایتییکردنی کێیڤ لە دانووستانی پرۆسەی ئاشتیی وڵاتەکە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا پێک هێنا.
هاوکات زێلێنسکی، ئەندری یەرماک، سەرۆکی ئەرکانی سوپای وڵاتەکەی بە سەرۆکی تیمە دانووستانکارەکە دەستنیشان کرد، هەروەها هەر یەکە لە ڕۆستەم ئومارۆڤ، وەزیری بەرگریی و ئەندرییە سیبا، وەزیری دەرەوە، باڤلۆ بالیسا، جێگری نووسینگەی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە، وەک ئەندامی تیمەکە دەستنیشان کران.
"ڕووسیا بە دوای بیانوو دەگەڕێت بۆ ئەوەی جەنگ ڕانەگیرێت"
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند: پوتین بە دوای بیانوو دەگەڕێت بۆ ئەوەی بەردەوامی بە جەنگ بدات و ئاگربەست ڕانەگەیندرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، لێدوانەکانی ڕووسیا لەسەر پرۆسەکە و بڕیارەکانیان تەنیا جەنگەگە درێز دەکاتەوە، جگە لەمانە هیچ مەبەستێکی دیکە هەڵناگرێت.
زێلێنسکی سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، وڵاتەکەی رازییە بە پێشنیازەکەی ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، هیواداریشە فشار بخرێتە سەر مۆسکۆ بۆ ئەوەی ئەویش بە پێشنیازەکەی ئەمەریکا ڕازی بێت.
"پوتین باش دەناسم"
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی 14ـی ئاداری 2025، گەشبینی خۆی سەبارەت بە هەڵوێستی ڕووسیا دەربڕی و گوتی: پوتین بەپێشنیازەکەی واشنتن ڕازی دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پوتین زۆر باش دەناسێت و باش دەزانێت کە ڕازی دەبێت بە پێشنیازی ئاگربەستەکە.
ڕۆژی سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا دوای کۆبوونەوەکەیان لە شاری جەددەی سعوودییە، لە ڕاگەیەندراویکی هاوبەش ئاماژەیان بەوە دا، کە کێیڤ بە پێشنیازی ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆکرانیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ڕازی بووە.