پێشەوا هەورامانی: پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجە بکاتەوە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی هەڵەبجە بکاتەوە و ئەرکی سەرشانی لە بەرانبەر دانیشتووانی پارێزگاکە جێبەجێ بکات و بە کردار نیشانی بدات کە مەبەستییەتی زامیان ساڕێژ ببێت.

شەممە 15ـی ئاداری 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی ئاوەدانی لە هەڵەبجە نابڕێت و ئەوەی پێویست بێت بۆ پارێزگاکە  لەبەر چاو دەگرێت، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەرنامەی جیاوازی هەیە بۆ پەرەپێدانی هەڵەبجە بە تایبەت لە بواری کشتوکاڵ و گەشتیاری.

هەورامانی لەبارەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، دەڵێت: گرنگترین بابەت کە پەیوەندی هەڵەبجە و جیلی نوێ بە پتەوی دەهێڵێتەوە، ئەوەیە کە لە ڕۆژی 16ـی ئادار لە قوتابخانەکان، قوتابییان چالاکی جۆراوجۆرییان هەیە و پێیان دەگوترێت چۆن شارێک شەهید کرا.

گوتیشی: سبەینێ کە ساڵیادی کیمیابارنی هەڵەبجەیە، فەرمانبەرانی حکوومەت لە شوێنی کارەکانییان بەبێ دەنگی دەوەستن و، لە هەموو شوێنێکی یادی هەڵەبجە دەکرێتەوە، کە ئەمەش لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بووتە نەریتێک کە بە بێدەنگی بووەستن.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێک ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ دەکات و دەڵێت: حکوومەتی فیدراڵ دەبێت شارەکە قەرەبوو بکات و ئەرکی سەرشانی خۆی لە بەرانبەر دانیشتووانەکەی جێبەجێ بکات و، بەکردار نیشانی بدات کە مەبەستییەتی زامیان ساڕێژ ببێت.