هەڵەبجە.. قوربانیانی کیمیابارانی کوردستان کۆ دەکاتەوە

یەکشەممە، 16ـی ئاداری 2025، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە هەستمان بەوە کرد یادی کیمیابارانی هەڵەبجە زۆر لاواز بووە، یەکێکیش لە هۆکان، وەڵام نەدانەوەی ئیداری و حکوومەتییە بەرانبەر بە کرچ و کاڵبوونەوەی یادەکان.
سەرۆکی کۆمەڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت: ئیدارەی شار و بەڕێوەبەرایەتیی شار، لەگەڵ کۆمەڵەکەی ئێمە بە سنگێکی فراوانەوە لەگەڵ چین و توێژەکانی هەڵەبجە، کۆبوونەوەیەکی باشمان کرد، خۆشبەختانە، دەرئەنجامی ئەم مەراسیمەی لێ کەوتەوە. هەرچەندە کەموکوڕیی هەیە، ڕەنگە لە هاووڵاتییانەوە نەبێت، بەڵکو لە ئیدارەدان و بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەوە بێت.
دەشڵێت: بۆ ئەم مەڕاسیمە هاووڵاتییان لە لایەن یەکێتیی زانایان و مینبەری مزگەوتەکان ئاگادارکراونەتەوە، ئەوانەی دیکەش بە بانگهێشتی فەرمی هاتوون، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو قوربانیانی سەردەشت و بارزان، بادینان، بالیسان شێخ وەسان، ئەم هەموو قوربانیانەی پێکەوە ئەبن بۆ هاوخەمیی یەکتر.
تەیموور، تاقانەی ئەنفال بە کوردستان24 ی گوت: لە گوندێکدا 254 ئەنفالکراومان هەیە، 122 کەسیان لە ماڵباتی نزیکمن، وەک خاڵ، مام، پوور و خاڵۆزا و پورزا و ئاموزا ئەوانی دیکە و 8 کەسیش لە کەسوکاری خۆم ئەنفال کراون.
هەروەها دەشڵێت: خۆزگە دەسەڵاتێکم هەبووایە بۆ ئەوەی بمتوانیایە خزمەتی خەڵکی هەڵەبجە بکەم.