زیاتر لە 220 گۆڕی بەکۆمەڵی دەستی ڕژێمی بەعس و داعش، لە عێراق تۆمار کراون

ڕژێمی پێشووی سەدام حوسێن، چەندان تاوانی دژ بە گەلی عێراق و کورد کردووە، هەر لە کۆمەڵکوژییەکانی هەڵەبجە و ئەنفال، گۆڕی بەکۆمەڵ، ڕاپەڕینی شەعبان، تیرۆرکردنی زانایان و لێدانی حزبەکان.
زیا کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند "دوو جۆر گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە، یەکەمیان بۆ تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە، کە یەکێک لەو شوێنە دیارانەی گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدایە، بیابانی سەماوەیە، کە گۆڕی بەکۆمەڵی زۆری تێدایە، هەموویان ئافرەت و منداڵن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرۆسەی جینۆساید بە شێوەیەکی زۆر قێزەون کراوە، بەجۆرێک ئێسکەکان تێکەڵاوی یەکتر بوون."
ئاماژەی بەوەش کرد "کۆی گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێش و دوای ساڵی 2003 گەیشتووەتە 221 گۆڕ، کە 96 گۆڕیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس، هەروەها 125 گۆڕیش هی سەردەمی ڕێکخراوی داعشە، گوتیشی: کۆی گشتیی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی هەڵدراونەتەوە 134 گۆڕن؛ 80 گۆڕی بەکۆمەڵ هی سەردەمی ڕژێمی بەعس بووە و 54 گۆڕی بەکۆمەڵیش هی سەردەمی داعش بووە، ئەمە لەکاتێکدایە کۆی ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی تاوەکو ئێستا هەڵنەدراونەتەوە 87 گۆڕن؛ 16 گۆڕیان هی سەردەمی ڕژێمی بەعسە و 71 گۆڕی بەکۆمەڵیش هی داعشە.
زیا کەریم باسی لەوەش کرد "کۆی گشتی ڕوفاتەکانی دەرهێنراون گەیشتوونەتە 7709 ڕوفات؛4451 ڕوفات بۆ ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە، 3258 ڕوفاتیش هی سەردەمی داعش بووە."
شرۆڤەکاری سیاسی، عەلی تەمیمی دەڵێت: پێویستە عێراق بچێتە ناو ڕێککەوتننامەی ڕۆمای دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی بتوانێت لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانبارانی تاوانەکانی عێراق لە ساڵی 2003ەوە بکات و سەرجەم تاوانباران دادگایی بکات.