عێراق: بەهاوکاریی هەرێمی کوردستان دەستمان بەسەر یەک تۆن و 100 کیلۆ گرام حەبی کەپتاگۆندا گرت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئاداری 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، تۆڕێکی مەترسیداری نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەریان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ئەمنی بە هاوکاریی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پوچەڵ کردەوە.  

میقداد میری حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: ئەمڕۆ زانیارییەکی زۆر گرنگمان لە ئیدارەی ماددە هۆشبەرەکانی سعوودیەوە وەرگرتووە، بەوەی بارهەڵگرێک بڕی زیاتر لە یەک تۆن ماددەی هۆشبەری هەڵگرتووە و بەرەو عێراق دێت.

ئاماژەی بەوەش دا، دوای ئۆپەراسیۆنێک کە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هه ولێر و سلێمانییش بەشدار بوون، توانیمان دەست بەسەر بارهەڵگرێکدا بگرین کە لە سووریاوە بەرەو عێراق دەهات، پێشتریش بە تورکیادا تێپەڕ بووە.

میقداد میری گوتیشی: لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستمان بەسەر یەک تۆن و 100 کیلۆ گرام حەبی کاپتاگۆندا گرتووە و  ئەوانەشی دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە دەستگیر کراون.

ڕوونیشی کردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای بەدواداچوون و لێپێچینەوەیەکی تایبەتمەند بە نهێنیی بووە . ڕاشیگەیاندووە "ئەو کارە هاوبەشە جەخت لەسەر یەکڕیزیی ئامانج و ڕێگەنەدان بەو کەسانە دەکاتەوە کە ڕۆحیان لاوازە کۆمەڵگەی عێراقی لەناوببەن."