مەسرور بارزانی: دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان ئەنجامداوە
بافل جەلال تاڵەبانی: ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە حکوومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی میللەتەکەمان

یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافل جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە هاوبەشی قسەیان بۆ میدیاکاران کرد.
بافل جەلال تاڵەبانی گوتی: کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو، لەسەر چەند بابەتێکی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باشبێت، ڕێککەوتین، پێشم وایە لە کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبین.
بافل جەلال تاڵەبانی گوتیشی: ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە حکوومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی میللەتەکەمان، بەڵام دەبووایە سەرەتا پرسیارەکان لە جەنابی کاک مەسرور بکەن.
سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانیش گوتی: بەخێرهاتنی کاک بافل دەکەین، ئێمە دووجارە، دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان ئەنجامداوە بۆ لەیەک نزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەگشتی، پێشکەوتنی زۆر باش، تێگەیشتنی زۆر باش لەزۆر لەو بابەتانە هەبووە و ئومێدەوارین تیمەکانیش بتوانن هەر بەو ڕووحیەتە بگەنە ڕێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکوومەت لە کاتێکی نزیکدا، خەڵکی کوردستانیش هەموویان دڵیان خۆشبێت بەو بەرەوپێشچوونەی گفتوگۆکان لەنێوانماندا هەیە.