ئیسماعیل بەقایی: ئێرانییەکان له قووڵایی دڵیانەوە لە مەینەتییەکانی خەڵکی هەڵەبجە تێدەگەن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: تێپەڕبوونی کات ناتوانێت قێزەونی ئەم تاوانەی ڕژێمی بەعس، کە دەرهەق بە خەڵکی شاری هەڵەبجە ئەنجامی دابوو، کەم بکاتەوە.
یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە بۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، 37 ساڵ بەر لە ئێستا دانیشتووانی هەڵەبجەی بێ تاوان، بە چەکی کیمیای ڕژێمی بەعس کرانە ئامانج.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەڵێت: لە بۆردومانەکەدا دەیان هەزار هاووڵاتیی بێ تاوان گیانیان سپارد و، بەشێکی زۆریشیان تووشی برینێکی هەمیشەیی بوون.
ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان و بە تایبەت خەڵکی شاری سەردەشت و بەشێکی زۆر لە سەرباز و خەڵکی سڤیلی وڵاتەکە، کە لە ماوەی شەڕی سەپێنراوی 8 ساڵەی عێراق و ئێران بە چەکی کیمیایی هێرشیان کرایە سەر، له قووڵایی دڵەوە لە ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی هەڵەبجە تێدەگەن.
ئیسماعیل بەقایی، جەختی لەوە کردەوە، دادپەروەریی داواکاری ڕەوا و هەمیشەیی ڕزگاربووانی قوربانییانی چەکی کیمیاییە کە ڕژێمی پێشووی عێراق بەکاری هێناوە.
گوتیشی: تێپەڕبوونی کات ناتوانێت لە قیزەوەنی ئەم تاوانە دەرهەق بە خەڵکی هەڵەبجە و داواکاری دادپەروەریی بۆ شارەکە کەم بکاتەوە.
ئەمڕۆ یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەیە، کە تاوەکوو ئێستاش شوێنەواری ئەو غازە کوشندانەی دژ بە خەڵکی شارەکە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەکار هێنران، هەر بەسەر جەستەی خەڵکەکەوە دیارە و برینی زۆر لە بەرکەوتووانیش ساڕێژ نەبووە و بە دەست ئازارەوە دەناڵێنن.