تورکیا پێویستییەکانی کارەبای کوردستان پڕ دەکاتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری وزەی تورکیا باسیان لە پڕکردنەوەی پێویستییەکانی عێراق لەبواری کارەبا و غاز کردەوە، لە چوارچێوەی عێراقیشدا، تورکیا هەوڵدەدات پێویستییەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان و مووسڵ پڕ بکاتەوە.
یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە ئالپئاڕسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا، فوئاد حوسێن و ئالب ئەرسەلان بەیرەقدار، پرسی کارەبا و غازی سروشتیان تاوتوێ کرد، سەرباری پەرەپێدانی پەیوەندی و هاریکارییەکانی بواری کەرتی وزە لەنێوان عێراق و تورکیا کە پێویستییەکانی هەردوو وڵات پڕ بکەنەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆ لەبارەی هاندانی کۆمپانیاکانی تورکیا کرا بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی غازی عێراقدا، لەگەڵ ئەوەشدا باس لە پشتیوانیکردنی عێراق کرا بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی لە کارەبادا، قسە لەسەر ئەو پرۆژانەش کرا کە هێلەکانی کارەبا لەنێوان هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەردوولا دووپاتیان کردەوە، پێویستە ئەو پرۆژەیە بەزووترین کات تەواو بکرێت کە دەستیپێکردووە.
هەردوو وەزیر ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی تورکیا کارەبا بە عێراق بدات و پێویستییەکانی پڕ بکاتەوە، بە پڕکردنەوەی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان و مووسڵیش، لەگەڵ ئەوەشدا باسیان لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتی جەیهان کرد، دووپاتیان کردەوە، پێویستە ئەو گرێبەستانە نوێ بکرێنەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی نەوتی عێراق و گەیاندنی بە بازاڕەکانی جیهان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، هەردوو وەزیر قسەیان لەبارەی هاوردەکردنی غازی تورکیا کرد بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی وێستگەکانی کارەبا لە عێراقدا.