سوودانی: بەو پەڕی شانازییەوە یادی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال دەکەینەوە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەربانگ کردنەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە خانەوادەی شەهیدان و قوربانیانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق گوتی: بەو پەڕی شانازییەوە یادی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەینەوە کە ڕژێمی پێشوو ئەنجامیداوە، دژ بە ژن و منداڵانی سڤیل.

یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەربانگ کردنەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە خانەوادەی شەهیدان و قوربانیانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق گوتی: ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کارەساتی هەڵەبجەیە، یەکێک لە قێزەونترین کردەوەکانی جینۆساید کە ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو بە چەکی کیمیاوی شارەکەی بۆردومان کرد، ئەوەش یەک لە قێزەوەنترین تاوانەکانی سەردەمە کە هەندێک دەیانەوێت وێنای بکەن بە بەرگریی.

سوودانی دەشڵێت: ئەرکی حکوومەتە وەک بەشێک لە بەرنامەکەی خۆی، خزمەتی کەسوکاری شەهیدان بکات.

ئەمڕۆ یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەیە، کە تاوەکوو ئێستاش شوێنەواری ئەو غازە کوشندانەی دژ بە خەڵکی شارەکە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەکار هێنران، هەر بەسەر جەستەی خەڵکەکەوە دیارە و برینی زۆر لە بەرکەوتووانیش ساڕێژ نەبووە و بە دەست ئازارەوە دەناڵێنن.