سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری ئەمەریکا، دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە، کە هێرشەکانیان بۆ سەر حوسییەکان بەردەوام دەبن.

یەکشەممە، 16ـی ئاداری 2025، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پیت هێگسێس, وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئەنجام دا و هەردوولا هاوبەشی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراقیان تاوتوێ کرد.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردووە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر حووسییەکان، ئەگەر هێرشەکانیان ڕانەگرن بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سوور.

لەلای خۆیەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ڕاوێژکارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەپارێزین و پێویستە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتەوە بێت.

هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هاوکاری ئەمنی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش کردەوە.

هەروەها هەردوولا پابەندیی هاوبەشی خۆیان بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و ئایدۆلۆجیای توندڕەوی لەوانە داعش و بەهێزکردنی هەوڵە بەردەوامەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ناوچەکە دووپات کردەوە.

لە کۆتایی قسەکانیاندا، جەختیان لە گرنگی بەردەوامی گفتوگۆ و هاوکاری بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا  و پێکەوە کارکردن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.