لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ، 9 کەس کوژران

هێزەکانی سووریای دیموکرات شەوی یەکشەممە ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر شاری کۆبانێ، 9 کەس کوژراون.

هێزەکانی سووریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاوی کردەوە "درەنگانی شەوی یەکشەممە،16ـی ئادار فڕۆکەیەکی تورکیا خێزانێکی بۆردومان کرد کە لە باشووری کۆبانی سەرقاڵی کشتوکاڵ بوون."

ئاماژەی بەوەش کرد "لە هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی نێوان هەردوو گوندی قومجی و بەرخ بۆتان، لە باشووری کۆبانێ نۆ کەس لە بنەماڵەیەک کوژراون جگە لە برینداربوونی دووکەسی دیکەی یەک خێزان.

هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، سەرکردایەتیی شەڕی دژی داعشیان کرد تا ئەوکاتەی داعش لە ساڵی 2019 لەناو برا.

تورکیا دەمێکە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی بە پەیوەندیی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتبار دەکات، ئەنقەرە و وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێنیان کردووە.

مانگی شوباتی ڕابردوو، عەبدوڵلا ئۆجەلان دامەزرێنەری زیندانیکراوی پەکەکە بانگەوازێکی مێژوویی بڵاو کردەوە و داوای لە پارتەکەی کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

تورکیا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا دروست کردووە، فشار دەخاتە سەر دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بۆ پرسی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە).

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئیمزا کرد کە تێیدا هاتووە "یەکخستنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئیدارەی دەوڵەتی سووریاوە، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان." بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.