سوودانی: حکوومەت هەوڵی تەواو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئاڵپئارسڵان، وەزیری وزەی تورکیا گفتوگۆیان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و پتەوکردنی هاریکارییەکان لە بواری ئاو و کارەبا کرد، هاوکات وەزیرەکەی تورکیا جەختی لە گرنگی هەناردەکردنی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی بەندەری  جیهانەوە کردەوە.

دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە دا "محەممەد شیاع سوودانی، پێشوازیی لە وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، ئالپئارسڵان بایرەکتار کرد."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوودانی جەختی کردووەتەوە کە حکوومەتی عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیا تورکیەکان لە کەرتە جیاجیاکان زیاتر پتەو بکات، ئەمە جگە لە هاریکاریی لە کەرتی وزە، کە حکوومەت کار بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دەکات، لەوانەش زیادکردنی پێدانی کارەبا، هەروەها سەبارەت بە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیجی، جەخت لەسەر بەهێزکردنی هارکارییەکانی کەرتی ئاو کردەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە دابینکردنی ئاوی بەردەوام بۆ عێراق.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی گوتووە "حکوومەت هەوڵی تەواو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدات." ئاماژەی بەوەش داوە "دانووستانەکان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکان کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، بەردەوامە بۆ چارەکردنی هەندێک کێشەی تەکنیکی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن."

 بایرەکتار، خواستی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریی زیاتر لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی، لەوانە پڕۆژەی پاڵاوگە و پیشەسازی پترۆکیمیایی، هەروەها گرنگیی هەناردەکردنی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.

تورکیا بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە بایەخ بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەسرە لەڕێگەی بەندەری جەیهان دەدات، ئەمەش لە کاتێکدا وەزیری نەوتی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو کار بۆ ئەوە دەکات بەشێک لە نەوتی بەسرە لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیەوە هەناردە بکرێت.