پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە

دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەكانی كەشوهەوای بۆ 48 كاتژمێری داهاتوو بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەمڕۆ، ئاسمان بە گشتیی نیمچە هەور دەبێت، پلەی گەرماش یەك تا سێ پلە بە بەراورد لەگەڵ پلە تۆماركراوەكانی دوێنێ، نزم دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، سبەی سێشەممە، ئاسمان لە نیمچە هەورەوە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لە كاتەكانی ئێوارەدا نمەباران لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای هەرێمی كوردستان دەبێت و پاشان كاریگەرییەكەی بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی باكوور درێژ دەبێتەوە، لەگەڵ بارینی كەمێك بەفر.
هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە پێشبینیی ئەوە دەكرێت، هەر سبەی، لە كاتەكانی درەنگانی شەودا، نمەباران زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، هەندێك جاریش هەورە بروسكە و تاوەبارانی لەگەڵدا دەبێت، زیاتریش ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە، پلەی گەرماش دوو تا چوار پلە بە بەراورد لەگەڵ پلە تۆماركراوەكانی دوێنێ، نزم دەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 27 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 22 پلەی سیلیزی
دهۆک: 22 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 28 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 23 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 23 پلەی سیلیزی
سۆران: 24 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 27 پلەی سیلیزی