تارمایی شەڕ، یەکێتیی ئەورووپا هەراسان دەکات

پاش هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ،مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان ڕووسیا و ئەورووپا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.
هەردوو ڕۆژنامەی دی مۆرغن و دی ستانداردی بەلجیکی، لە چەند ڕاپۆرتی جیاوازدا، بە ئاشکرا، باس لە ئەگەری سەرهەڵدانی ئەو شەڕە دەکەن.
ئایا یەکێتیی ئەورووپا لە ڕووی توانای سەربازییەوە ئامادەی شەڕە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بەبێ دوودڵی نەرێییە.
بارت دی وێڤەر، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد لە %2 ی بودجەی نیشتمانیی بۆ کڕینی ڕادار و سیستەمی دژە ئاسمانی تەرخان بکرێت. وێڤەر گوتی: دەبێ پێ لەو ڕاستییە بنێم کە وڵاتەکەمان لە بەرانبەر هێرشی ئاسمانیدا هیچ سیستەمێکی بەرگریی مۆدێرنی نییە!
بەلجیکا، تەنها وڵاتێکی یەکێتیی ئەورووپا نییە کە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕدا دەستەوسان و بێتوانا بێت، وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک ئەڵمانیاش گرفتی نەبوونیی نەخۆشخانە و پێداویستیی تایبەتیی بۆ باری شەڕ هەیە. یودیت گیرلاخ، وەزیری تەندروستیی هەرێمی باڤاریا، ڕایگەیاند "نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا بە هیچ جۆرێک توانای بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخی شەڕیان نییە. نە لەڕووی بینا و ئامێرەوە و نە لە ڕووی کادیرانی پزیشکی و دەرمانییەوە."
گیرلاخ، بە هەفتەنامەی ئوگسبۆرغی گوت: دەبێ بۆ خراپترین سیناریۆ خۆمان ئامادە بکەین، نەک تەنها لە ڕووی سەربازییەوە بەڵکو دەبێ سیستەمی تەندروستیشمان توانای ئەوەی هەبێت لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەدا بە ڕێکی و تواناوە خزمەت بکات، ئەم مەسەلە تەنها کەرتی تەندروستی ناگرێتەوە، بەڵکو دەبێ کۆمەڵگەی ئەڵمان بە گشتی ئامادەی ئەو بارودۆخە بکرێن."
گیرلاخ، داوای کرد بە زووترین کات کۆمەڵگەی ئەڵمان لە هەموو هەرێمەکاندا ئامادەی بارودۆخی سەختی شەڕ بکرێن. نەخۆشخانەکانمان توانایی لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆر پێکراویان نییە، دەبێ فراوانتر بکرێن و نەخشەی ناکاوی بۆ کاتی شەڕ ڕابگەیەنین، ئەمەش لە ئامادەکاریی سەربازی کەمتر نییە."
سەرباری ئەو کەمایەسیانەش، هەڕەشەی چەکی ئەتۆمیش بابەتێکی ترسناک و گرنگە، چونکە تاکە وڵاتێکی یەکێتیی ئەورووپا کە چەکی ئەتۆمیی هەبێت، فەرەنسایە. بەڵام ڕاپۆرتە سەربازییەکان ڕایدەگەیەنن کە چەکە ئەتۆمییەکانی فەرەنسا لە ڕووی توانا و جۆرەوە، بۆ ئەوە نابن لەگەڵ چەکە ئەتۆمییەکانی ڕووسیا بەراورد بکرێن.
مەسەلەی فڕۆکە شەڕکەرە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەمەریکا، جۆری ئێف 35، مۆتەکەیەکی دیکەیە و بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، چونکە ئەو فڕۆکانە ئامێری ‘kill switch’ (دوگمەی کوشتن)یان تێدایە کە دەتوانرێت لە ئەمەریکاوە فڕۆکەکان لە کار بخرێن و چیتر چالاک نەبن!
ئەمەش بەو مانایە دێت، کە هێزی ئاسمانیی یەکێتیی ئەورووپا ناتوانێت لە کار و چالاکییەکانی فڕۆکە ئێف 35 کان کە لە ئەمەریکای کڕیون، دڵنیا بێت.
فڕۆکەی ئێف 35، جگە لە توانا تەکنۆلۆجییە سەرسووڕهێنەرەکانی، دەتوانێت خۆی لە ڕادارەکان بشارێتەوە.
بۆیە ئێستە یەکێتیی ئەورووپا بیر لەوە دەکاتەوە جێگرەوە بۆ ئەو فڕۆکە شەڕکەرە، پێشکەوتووە، ئەمەریکاییە بدۆزێتەوە، دیارە ئەوەش کارێکی هێندە ئاسان نییە، چونکە تاکە وڵاتێک کە توانای دروستکردنی هاوشێوەی ئەو فڕۆکەیەی هەیە، ڕووسیایە!