سیستەمی گواستنەوەی جانتا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر نوێدەکرێتەوە

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستبە جێ بەجێکردنی پڕۆژەی گۆڕین و نوێکردنەوەی سیستەمی گواستنەوەی جانتاکان لە ناو تێرمیناڵ هۆڵی هاتووان (ئەڕایڤل) لە فڕۆکەخانە کرا.
دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ باشترکردن و خێراترکردنی خزمەتگوزاری فرۆکەوانی و گەشتیاری، ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەست بە جێ بەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکان کرا کە چەندین ساڵە گلەیی و ناڕەزایی زۆربەی گەشتیارانی لەسەر بوو، ئەویش پڕۆژەی گۆڕین و نوێکردنەوەی سیستەمی گواستنەوەی جانتاکان بوو لە ناو تێرمیناڵ هۆڵی هاتووان (ئەڕایڤل) لە فڕۆکەخانە.
ئەحمەد هۆشیار، گوتیشی: مەبەست لەم پڕۆژەیە، باشترکردن و خێراترکردنی خزمەتگوزاری گواستنەوەی جانتای گەشتیارانە لەکاتی گەڕانەوەیان لە دەرەوەی وڵات بۆ فرۆکەخانەی نێودهوڵهتی هەولێر.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژە بەوەشکرد: " سیستەمەکە لە باشترین و نوێترین سیستەمەکانی هاوچەرخە لە بواری گواستنەوەی جانتاکان، بڕیارە پرۆژەکە بە سێ مانگ تەواو بکرێت و چەندین سوودی دەبێت لەوانە: بەخێرایی جەنتاکان دەگوازنەوە, شوێنی زیاتری جەنتاکان دەگرێت، کێشی زیاتری جەنتکان دەگرێت.
لەلای خۆیەوە ، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و جەخت لەوەکراوە، ئەم پڕۆژەیە بە پشتگیری و پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی جێ بەجێکراوە.