سەعدی پیرە: کابینەی نوێی حکوومەت دەسەڵاتی لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەبێت

سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: شاندی دانووستنکار سەدا 90ـی ئەو جیاوازیانەی هەبوون لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نەیهێشتووە.

کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی یەکێتیش، ڕێژەی سەدا 10ـەکەی نەهێشتووەتەوە کە ئەنجامی کۆبوونەوەکە باش و ئەرێنی بووە.

سەعدی پیرە ڕاشیگەیاند: بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکان، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، دەسەڵاتی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، جەختی لەوەشکردوەوە، پارتی و یەکێتی دەرگایان کراوەیە بۆ ئەوەی لایەنەکانی دیکە بیانەوێت بەشداریی کابینەی نوێی حکوومەت بکەن، بەڵام لایەنەکان خۆیان بەشداریی ناکەن.

سەعدی پیرە گوتی: مەرجی پارتی یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، یەک هێزی پێشمەرگەیە، یەکێتیش پێی وایە هەرسێ ئەو مەرجەی پارتی گرنگن بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بە مەرجی شەراکەتی ڕاستەقینە، هەردوولا گەیشتوونەتە ئەنجامی باش، ئەو ئەنجامە باشانەش بەرەو ڕووی شاندی دانووستنکاری هەردوولا دەکرێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینە سوودی لێوەرگرن و هیچ کۆسپێک لەبەردەم دروستکردنی کابینە نەمێنێت.

دوێنێ یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لە پیرمام کۆبوونەوە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافل جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە هاوبەشی قسەیان بۆ میدیاکاران کرد.

بافل جەلال تاڵەبانی گوتی: کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو، لەسەر چەند بابەتێکی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باشبێت، ڕێککەوتین، پێشم وایە لە کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبین، گوتیشی:  ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە حکوومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی میللەتەکەمان، بەڵام دەبووایە سەرەتا پرسیارەکان لە جەنابی کاک مەسرور بکەن.

سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانیش گوتی:  بەخێرهاتنی کاک بافل دەکەین، ئێمە دووجارە، دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان ئەنجامداوە بۆ لەیەک نزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەگشتی، پێشکەوتنی زۆر باش، تێگەیشتنی زۆر باش لەزۆر لەو بابەتانە هەبووە و ئومێدەوارین تیمەکانیش بتوانن هەر بەو ڕووحیەتە بگەنە ڕێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکوومەت لە کاتێکی نزیکدا، خەڵکی کوردستانیش هەموویان دڵیان خۆشبێت بەو بەرەوپێشچوونەی گفتوگۆکان لەنێوانماندا هەیە.