شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: هەوڵێکی باش دراوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ

لێپرسراوی ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: دەبێت لە هەڵبژاردنی عێراق ڕێگریی لە بەفیڕۆدانی دەنگەکان بکەین و لە هەڵبژاردنی عێراق یەک لیستی لە بەرژەوەندی کوردە.

دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەوڵێکی باش دراوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و جێگەی ئومێدە بەم زووانە بگەینە ئەنجامێکی باش.

جەعفەر شێخ مستەفا، گوتی: هێڵە سوورەکان تێپەڕێندراون و ناتەبایی خەڵکی کوردستان بێزار و ناحەزان دڵخۆش دەکات.

لێپرسراوی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد، هیوادارین کابینەی نوێ متمانە بۆ خەڵک بگێڕێتەوە، چونکە تەنیا ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد بەرەو سەرکەوتنمان دەبات و سەرکەوتنمان لە یەکڕیزی و تەباییدایە.

شێخ جەعفەر، جەختی لەوە کردووە، پێویستە بەر لە هەڵبژاردنی عێراق کابینەی نوێ جێگیر بکرێت و دەبێت لە هەڵبژاردنی عێراق ڕێگریی لە بەفیڕۆدانی دەنگەکان بکەین و لە هەڵبژاردنی عێراق یەک لیستی لە بەرژەوەندیی کوردە.