تەندروستیی غەززە بۆ کوردستان24: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل، 356 کەس کوژراون

بەرپرسانی تەندروستیی فەڵەستینی دەلێن، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم بەرەبەیانەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لانی کەم 330 کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون، ئەم هێرشەش دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی قۆناغی یەکەم دێت کە لە 19ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ چووە بواری جێبەجێکردن و ماوەکەی 42 ڕۆژ بوو.
سەرچاوەیەکی تەندروستیی غەززە، بە پەیامنێری کوردستان24 بەها توباسی، ڕاگەیاند "لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل 356 کەس کوژراون."
بەگوێرەی هەواڵەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردووەتە سەر باکووری کەرتی غەززە، دێر بلح، خان یونس و باشووری ڕەفەح.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە، بەهۆی ئەم هێرشانەوە، لانی کەم 330 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە ڕایگەیاند "ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی ئیسرائیل بەلایەنی کەمەوە گەیشتووەتە 330 کەس."
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، دەیان ئامانجمان بۆمباران کردووە، تا ئەوکاتەی پێویست بکات هێرشەکان بەردەوام دەبن.
لەلایەکی دیکەوە مانگی سووری فەڵەستین ڕایگەیاندووە، 86 کوژراو و 134 بریندار لەلایەن تیمەکانیانەوە گوازراونەتەوە نەخۆشخانەکان.
بەرپرسانی نەخۆشخانەی ناسر، لە خان یونس، نەخۆشخانەی ئەقسا لە ناوەڕاستی غەززە و نەخۆشخانەی ئەهلی لە شاری غەززە ڕایانگەیاندووە، نزیکەی 85 کوژراو هێنراونەتە نەخۆشخانەکانیان.
هەروەها دەسەڵاتدارانی غەززە دەڵێن: تەنیا 16 کەس لە ئەندامانی یەک بنەماڵە لە ڕەفەح کوژراون.
ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمەریکا فشاری خستووەتە سەر گەڕانەوەی ئەو 59 بارمتەی کە لە غەززە ماونەتەوە، کە لە بەرامبەردا ئاگربەستەکە تا دوای دوای ڕەمەزان و پشووی جەژنی جووەکان ڕادەگرێت.
بەڵام حەماس پێداگریی کردووە لەسەر بەردەوامبوونی دانووستانەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە.